tisdag 1 maj 2012

راگەیاندنی یەکبوون: پرۆسەی یەکگرتن بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات



خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

هەر وەک لە یەکەم راگەیاندنی هاوبەشی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەلە_پارتی سۆسیالدێمۆکراتی کوردستاندا، ئاگادارمان کردن کە دوای چەند مانگ دیالۆگی چڕوپڕی نێوانمان، توانیومانە هەنگاوی بێگەڕانەوە بەرەو یەکگرتن هەڵبگرین، ئێستاش ئاگادارتان دەکەین کە لە درێژەی پرۆژەکەمان بڕیارمان داوە کە ریزەکانمان لە یەک حیزبدا رێکبخەین و لەوەبەولاوە هەر لە ژێر ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان درێژە بە خەبات دەدەین و لە ئەمڕۆوە ئیتر بە هەموومان ئەو حیزبە دەکەین بە ئامرازی خەباتمان و بۆ ئەوە تێدەکۆشین کە بتوانین داخوازیی و ئاواتی گەلەکەمان و چینی چەوساوەی ئەو کوردستانە دەستەبەر بکەین. ‌هەوڵمان ئەوە دەبێت کۆمەڵە هەر ئەو حیزبە بێت کە، راستگۆیی لەگەڵ جەماوەر، روونیی و راشکاویی لە هەڵوێستی سیاسی، پاڵپشتیی لە بیری نوێ و رووناکبیریی، پێشەنگ بوون لە جاکسازیی و بەخۆداچوونەوە، وەفاداریی بە ئاوات و ئارەزووەکانی بزاوتی رزگاریخوازی کوردستان، خەبات بۆ بردنەسەری ئاستی گوزەران و ژیانی خەڵک، بەهێزکردنی رەوتێکی چەپ و دادپەروەری کوردستانیی و، پەرەدان بە دێمۆکراسی لە ئاستی حیزبی و کۆمەڵایەتییدا، هەموو رۆژێ زۆرتر لە جاران، بکاتە چرای رێگا و ئامانجی قایم و نەگۆڕ بۆ گۆران و پێشوەچوون.

هاورێیانی خەباتکار لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان!

ریزەکانی پێشمەرگە و هەموو ئۆرگانە حیزبیەکان!

بێگومان لە ئێستاوە ئەرکی قورستر دەکەوێتە سەر شانمان. راستە یەکگرتن بەهێزی کردوین و بەهێزمان دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەرکی قورستر و چاوەڕووانیی زۆرتر دەخوڵقێنێ و خوڵقاندویەتی. پێویستە لە ئاستێکی بەرزتردا بەرپرس و وڵامدەرەوە بین. دڵنیاین وەک چۆن تا ئێستا تێکۆشاون، لەمەودواش درێغی ناکەن و لەخۆبردووتر لە جاران خەبات دەکەن، ئەوەی چاوەڕووانیی لە ئێوەیە، پێکهێنانی هەرچی زیاتری کەشوهەوای هاورێیانە و یەکگرتووانەیە لە بچوکترین شانەی حیزبیەوە تا گەورەترین ئۆرگان و رێکخستن.

دۆستان و دڵسۆزان، ئازادیخوازان!

بێگومان ئێوەش دڵتان بۆ یەکگرتویی ریزەکانی خەڵکی کوردستان لێدەدات. تا ئێستاش کەسانێک لە ئێوە هاندەرمان بوون. بۆیە داواتان لێدەکەین لەمەودواش بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانمان و بۆ بەهێزکردنی رەوەندی ئازادی و رزگاریخوازیی پاڵپشت و هاوکار و هاورێمان بن.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

کۆمەڵە-پارتی سۆسیالدێمۆکراتی کوردستان

1/5/2012

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar