onsdag 9 maj 2012

پەیامی رێكخراوی بەرگری لە زیندانییە سیاسی و مەدەنییەكانی ئێران و كوردستان بەبۆنەی دووهەمین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدرانی پێنج ئەستێرەی شەهیدی رێگای ئازادی و رزگاری بنةمالَةى زيندانيانى سياسي و مةدةني



هاونيشتمانانى خؤشةويست
دووساڵ لەمەوبەر پێنج رۆڵەی ئازادیخوازی گەلی كورد تەنیا بە تاوانی ئازادیخوازی و ئازادی رادەربڕین لە لایەن جەلادە چڵكاوخۆرەكانی حكومەتی ئیسلامی ئێران خرانە بەر پەتی سێدارە بە ئامانجی كپ كردنی دەنگی ئازادیخوازی نەتەوەكانی ئێران و تێكشكاندنی ورە و بەرگری زیندانییە سیاسییەكانی تر و هەموو جۆرە دەنگێكی ناڕەزایی بەرامبەر بە حكومەتی گەندەڵی ئاخوندی ئێران.
فەرزاد كەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەكیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیان، ئەو قارەمانانە بوون كە هاواری ئازادی لەگەروودا خنكاوی نەتەوەی كورد بوون. ئەو شەهیدە سەربەرزانە لە بەیانییەكی بێدەنگ و لەوپەڕی بێ ئاگاییدا لە زیندانی ئێوین لەسێدارە دران، لەسێدارە درانێك كە ئەوپەڕی بێتوانایی حكومەتی ئێرانی بە هەموو گەلانی دنیا نیشان دا. نیشانی دا كەوا حكومەتی ئێران تەنانەت لە چووكترین چرپەیەك كە بۆنی ئازادی لێ بێت دەترسێت و لێی دەسڵەمێتەوە. 
دیار نیە كە بە چ هۆیەك ئەم پێنج كەسە بێ هیچ دادگاییەكی عادیلانه و هەبوونی لانیكەمی مافە سەرەتاییەكانی هەموو زیندانییەك و تەنانەت مافی دەستەبەركردنی پارێزەر بە بێدەنگی ئێعدام كران! هەروەها پاش تیپەڕینی دووساڵ بەسەر ئەم كردەوە قێزەونەی حكومەتی ئیسلامی ئێراندا هێشتا كەسوكاری ئەم شەهیدە سەربەرزانە چاوەڕێی وەرگرتنەوەی تەرمی پیرۆزی ئەو شەهیدانەن، بەڵام هیچ لایەنێكی حكومەتی و دەزگای سەركوتكەرەكانی ئیتیلاعاتی ئێران وەڵامێكیان نەداونەتەوە. جیا لەمانەش لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی شەهیدكرانی ئەو ئەستێرانە حكومەت گوشارێكی زۆری خستۆتە سەر بنەماڵەكانیان بۆ ئەوەیكە هیچ مەراسیمێك بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدكرانی ئەو ئازادیخوازانە نەگرن.

لەگەڵ ئەمەشدا حكومەتی ئێران بە ئێعدامی ئەو گەورە پیاو و شێرەژنانە هێشتا نەوەستاوە و لە ماوەی 2 ساڵی رابردووش تا ئێستا بە دەیان و بە سەدان كەسی دیكەی خستۆتە زیندان و یان ئەوەیكە ئێعدامی كردون یان حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپاندوون. 
هەر ئێستا 9 زیندانی بە ناوەكانی بەهرام نەبەوی، بەهمەن نەبەوی، بێهزاد نەبەوی، مەجید دوستی، رەزا گوڵشەن، مەجید مامدەهی، بابەك بەراورد، عەلی عەلایی، ابوالفضل نوری كە لە زیندانی قزل حەسار بۆ جێبەجێكردنی حوكمی ئێعدام خراونەتە ژووری تاكەكەسی مەترسی ئێعدامیان لەسەرە. 
لە هەمانكاتدا زۆر زیندانی سیاسی تریش مەترسی ئێعدامیان لەسەرە بۆنموونە: زانیار و لوقمان مرادی لە زیندانی رەجایی شەهری كەرەج و هەروەها شێركۆ مەعارفی و حبیب الله گلپری، حبیب الله لەتیفی، حەمیدی قاسمی شال، سەعید مەلەك پور، مەهدی عەلیزادە، رەشید ئاخكەندی، بێهروز ئالخانی، رەزا ئیسماعیلی، موختار رەحیمی، ئەسغەر رەحیمی، یاوەر رەحیمی، بەهمەن رەحیمی، بێهنام رەحیمی، مەردان مەلێكی، حەبیب ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، سەید سامی حوسێنی، ئەنوەر رۆستەمی، مستەفا سەلیمی، حەسەن تالعی، عەزیز محەمەد زادە، سەید جەمال محمدیف، ئیبراهیم عیساپور و سیروان نەژادی و . .
ئێمە وەك رێكخراوی بەرگری لە زیندانییە سیاسی و مەدەنییەكانی ئێران و كوردستان وێڕای شەرمەزاركردن و پرۆتستۆ كردنی شەهیدكردنی ئەو رۆڵە ئازادیخوازانە، سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و دێموكراسی لە ئێران و كوردستان دادەنوێنین و داوا لە سەرجەم رێكخراو و كەسایەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكەین كەوا بە وەڕێخستنی كەمپەین و كۆكردنەوەی ئیمزا و هەروەها بە رێكخستنی میتینگی ناڕەزایەتی و گەیاندنی هاواری زیندانییە سیاسی و مەدەنییەكانی ئێران بە كۆڕ و كۆمەڵەكانی مافی مرۆڤ لەئاستی نێودەوڵەتی هەرچی زیاتر گوشار بخەنە سەر حكومەتی ئێران بۆ دەستهەڵگرتن لە سزای ئێعدام و زیندانیكردنی ئازادیخوازانی نەتەوەكانی ئێران.
بەرز و پیرۆز بێ یادی پۆلە شەهیدی رێگای ئازادی 
رێكخراوی بەرگری لە زیندانییە سیاسی و مەدەنییەكانی ئێران و كوردستان
19ى گوڵانی 2012

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar